تاڵه‌بانی: PKK و PJAK ئه‌گه‌ر پێیان باش بوو، خه‌باتی سیاسیی و دیپلۆماسی په‌یڕه‌و بكه‌ن ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌توانیین به ئاشكرا داڵده‌یان بده‌ین، وه‌ك چۆن چه‌ند ساڵێكه، 2 حزبی دیموكرات و 2 كۆمه‌ڵه‌مان داڵده داوه له باشووری كوردستان، چونكه به‌ڵێنیان پێداوین، شه‌ڕ نه‌كه‌ن به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران.
دوێنێ ڕۆژی هه‌ینی، جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆک کۆماری عێراق له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان له سلێمانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسی بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌ست.
له ده‌ستپێکی چاوپێکه‌وتنه ڕۆژنامه‌وانه‌یه‌که تاڵه‌بانی ده‌ستنیشانی دوو خاڵی كه‌ركوك و تۆپبارانی سنوره‌كانی باشووری كوردستانی کرد.
تاڵه‌بانی، له كۆنگره رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌دا له سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی خه‌باتی چه‌كداری له كوردستانی تورکیه‌و ئێران قسه‌ی كرد‌و ئاماژه‌ی به جۆری خه‌باتی چه‌كداریی پارتی كرێكارانی كوردستان له باکووری كوردستان و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی کرد.
جه‌لال تاڵه‌بانی ڕایگه‌یاند: ئه‌و خه‌باته‌ی كه به ناوی چه‌كداری ده‌كرێت له ڕۆژهه‌ڵات و باکووری كوردستان، ئه‌نجامه‌كه‌ی زه‌ره‌ردانه له خه‌ڵكی باشووری كوردستان و شێواندنی رێگای خه‌باتیان و ونكردنی رێگای راسته و ئه‌نجامه‌كه‌ی زه‌ره‌ردانه له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه و هیچ خێرێكی بۆ خه‌ڵكی ئه‌و دوو ولاَته تێدا نییه جگه له زه‌ره‌ر.
تاڵه‌بانی هه‌روه‌ها وتی: PKK و PJAK ئه‌گه‌ر پێیان باش بوو، خه‌باتی سیاسیی و دیپلۆماسی په‌یڕه‌و بكه‌ن ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌توانیین به ئاشكرا داڵده‌یان بده‌ین، وه‌ك چۆن چه‌ند ساڵێكه، 2 حزبی دیموكرات و 2 كۆمه‌ڵه‌مان داڵده داوه له باشووری كوردستان، چونكه به‌ڵێنیان پێداوین، شه‌ڕ نه‌كه‌ن به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران.
تاڵه‌بانی له به‌رده‌وامی وتی: "هه‌روه‌ها تورکیه ناتوانێت ئه‌وه قبوڵ بكات و خه‌ڵك بێت بكوژێت و بگه‌ڕێته‌وه ئێره، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و برایانه ئه‌م بیر‌و بۆچونانه‌ی ئێمه‌یان پێڕاسته سه‌رچاومان ئه‌گه‌ر پێشیان راست نییه فه‌رموو بچنه‌وه ولاَتی خۆیان !
ئه‌م قسانه‌ی تاڵه‌بانی له كاتێكدایه كه دوێنی له‌ته‌ک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له هاوینه‌هه‌واری پیرمام كۆ بۆته‌وه، تاڵه‌بانی وتی: ئه‌م قسانه قه‌ناعه‌ت و بۆچونی فكری و سیاسی ئێمه‌یه بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌و بۆچونی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی یه كه له به‌غدا گه‌یشتینه ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌م رایه به‌و براده‌رانه رابگه‌یه‌نین، بۆیه ئه‌گه‌ر به قسه‌یان كردین سه‌رچاو، ئه‌گه‌ر به‌قسه‌شیان نه‌كردین بچنه‌وه ولاَتی خۆیان، كێشه بۆ ئێمه دروست نه‌كه‌ن و ئێمه ناتوانین ولاَتی خۆمان بكه‌ین به مۆڵگه‌ی ئه‌وان و شه‌ڕی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بكه‌ن و بێنه‌وه.
تاڵه‌بانی له کێشه‌ی که‌رکووک وتی: ماوه ماوه هه‌ندێ له براده‌ران به پێخاوسی به ناو ده‌كه‌ون و ده‌ڵێن براده‌رانی به‌غدا هیچیان بۆ كه‌ركوك نه‌كردووه‌و كه‌ركوكیان فه‌رامۆش كردووه، به ڕاستی ئه‌و قسه‌یه نا‌ڕاسته‌و نا‌ڕه‌وایه، چونكه زۆرێكیان ئاگایان له ماده‌ی 140 هه‌ر نییه، به‌شێكی زۆری هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئێمه له به‌غدا بۆ كه‌ركوكه و توانیویشمانه چه‌ند شتێك بكه‌ین، له‌وانه دانانی ماده‌ی 140 له ده‌ستور كه ئه‌وه وا به‌ئاسانی نه‌هاتووه.
تاڵه‌بانی هه‌روه‌ها وتیشی كه‌ركوك كێشه‌یه‌كه به په‌له په‌ل و قسه‌ی حه‌له‌ق و مه‌له‌ق حه‌ل نابێت و مه‌سه‌له‌یه‌كه هه‌مه لایه‌نه‌یه و ناوچه‌كه‌و دنیاش چاوی لێیه‌تی و به بۆچونی من ئه‌وه‌ی له سه‌رمانه ئه‌وه‌یه سیاسه‌تێكی راستمان هه‌بێت و خه‌له‌لی ناوخۆمان له كه‌ركوك و خه‌له‌لی سیاسه‌تی پارتی و یه‌كێتی ببڕین و ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌پارتی و یه‌كێتی داویانه له باره‌ی كه‌ركوكه‌وه جێبه‌جێبكرێت، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌وه یه له گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك پێك بێین و داخوازییه ره‌واكانیان قبوڵبكه‌ین.


